ئەوە سێهەمين يان چوارەمين كەڕەت بوو بە تەواوی هێزم پاڵم پێوە دەنا، هەموو جارێك ھێندی تەمەنم هەتا بووداغ سووڵتان لە خۆم دوور دەكردەوە.
تاقەتی بەرامي نێو گەردن و كاڵی چاوەكانی چۆكی پێ دادەدام، سەر لە نوێ هەڵدەستامەوە و پاڵم پێوە دەنا و ئينجا بەهار دادەهات، سەرم سووڕ دەما لەو هەمۆ ياسە زەردانەی پاڵيان بە كتێبەكانمەوە دەنا،
ئەی هاوار ! ديسان عاشق دەبوومەوە، بە پڕتاو خۆم دەگەیاندە يەکەمين بێ قەراريم لە پاركی سەيدقووتب. عەبە دەيكووت بڵێی خواردنەوەی سەر بەفری چۆن بێت ؟! هەموو جوورێك مان تاقی كردۆتەوە، با ئەوەش بكەينە مەززەی شێعرێكی بێ ئيمزا ! چاكی لێ حاڵی نەدەبووم، گوێم كيپ كيپ بوو، ئەو ئوودكووڵۆنەی بۆ شێعرەكانم كريبوو، هەمووم بە مەودای نێوان چوارچرا هەتا چوارڕێی ئازادی داكرد. سەد كەڕەت زياتر چوومە سەرێ و هاتمەوە خوارێ ....هيچ...
هيچ ، هەر گوێشی نەدەبزووت كە ئەوە هەشت مانگی تينوويە كە ئەمن لە بەر دەركی ژوورەكەم راوەستاوم و دەمهەوێ دوايين گرێی تووند لە ... لە پۆتينەكەم دەم و بچمەوە سەربازی يان دوايين گرێ لە پشتێندەكەم دەم و بچمە... بچمە لای عەبە بزانم ئەو كاپشێنەی ئوودكووڵۆنەکەی لەيلاە پێ داكردبوو، دەمداتێ هەتا لەبەری كەم و تێرتێر بگرييەم ؟!
دەگەڵ وەخۆ هاتمەوە، بە فشە دەيكووت: لێی نەدەی ! لێی نەدەی! لە ترسان دووکەڵی سيگارەکەم بۆ جێبەجێ نەدەبوو، دەستێكم بۆ لای تاريكی درێژ كرد و مستێكم پووڵەکەی کۆن و ژەنگاوی و ھەزار رەنگ بە سەر تەمەنی خۆم هەتا بووداغ سووڵتان داكرد؛ كاتێ وەبير ئەو پووڵەکە وەنەوشە دەکەومەوە، سەرم دەلەقێنم بۆ ئەو كچەی جيرانمان، چەن قۆڕ بوو !! پێم وابوو حەزی لێدەکەم، ئەويش لە حەيفی من رۆژێ كەڕەتێک عاشق دەبوو، نێوی هەموو حەزەكانيشی رەزا بوون.
رەزا گيان، ئاغا رەزا، كاكە رەزا، شوانە گيان ... دايكم ديسان بە قەد هەشت پليكان بانگی دەكردم. نێوان من و دايكم هەر هەموو دەمێک هەشت پليكانی بەرەو سەر مەودا هەبوو، كەچی نازانم بۆچی تا ئەو دواييانە هەر بابم خۆشتر دەويست، يانی ئەگەر بۆی كرابا هەر ئەو دەمەی كە دەيزانی خەريكم دەمرم، تەنانەت ئەو دەمەش زللەیەکیي ئەفسەری بەو دەستە قوورسانەی لە مردنەكەم دەدا، بەڵام كەڵاش لەوێ بوو و لە بەر خوالێخۆشبووی خاڵيشم كە هاتبوو دەمی بە هەناسەكانمەوە بنێ، نەيدەتوانی.
ئەوێ شەوێ پێکەنینی كەڵاش بە لامەوە لە سەرجەمی ژیان و ئازارەکانی ھەر چی پیاوی مەستە گرینگتر بوو
بە تەواوی حەسرەتەكانييەوە
پڕ بە تەواوی ئازارەكانی
پڕبە دڵی خۆی، بزەيەكی هاتێ، دەمەويست شتێك بلَێم، عەبە لە بانگ و سەڵای دا ...
دوا گەڵا لە دەستی كەوت و پياڵەکەی شكا؛
باسی پشتێندەکەی مەحموود شێرزادی كرد، هەموو دوونيام بە سەر تاقەدارێ دا وێران كرد، هەر نەمديتەوە، هەر نەمديتەوە، يەك بەو ساڵانەی ناسيبووم هاوارم دەكرد... ئەوێ رۆژێ تاقەدار بە كۆڵی مەحموودەوە رۆيشتبوو، قەتم نەديتەوە، هەتا بە خشپەی گەڵاکانی چڵی ردێنم سپی ھەڵگەڕان
سەرم هەڵێنا، بستێك لە خرمانان مابوو بگەمە بووداغ سووڵتان، بێ سنوور بێ سنوور تێپەڕ دەبووم بە نێو برينەكانی شێعرە خاوەكانم دا، لە ناكاو تێکەڵاوی گژەبایەکی بە ساڵی دە زۆر ساڵان تێوەڕسووڕاو دەستم لە ناو گۆڕی خەونەكانم هەڵێنا و لە داخی ئەو هەمۆ بێ پەناییەم، ئەو ئوودكووڵۆنەی بۆ رۆژانی دووايی زستانم كڕيبوو، پێش وەی بگەمە نێو ژوورەکەی خۆم، هەمووم بە دار و ديواری ئەو شێعرەی داكرد كە عەبە دوو جاری پێی گريا
هەرچی بيرم لێدەكردەوە، دەمبينی بە راستی سەرم لە خۆم و لە جەماعەتێک شێواندووە ؟!
چم لێكردبا، شەش و دوو قۆڕترين تاسی دەستی هەوەڵە، چارە نەبوو، دوو تەكم دا ! ئەوەی هەوەڵێ زۆر نزيكتر بوو لە رەنگی چاوی، هەڵمبژارد و چاوم پێکەوەنا... چاوم پێکەوەنا تا دووايين كەڕەت مهابادێ نەبينم،
پڕ بە دڵ ئيشتيام لە گريانێكی بە كووڵ و دەنگ بوو...
چارە نەبوو، زۆر دوور ببومەوە، زۆر زۆر
نەرمە بارانێک بە بۆن و بەرامی نێو گەردن وئەگریجەی بە سەر و شان و ملم دا، وورد وورد دەباری،
رۆژ داهاتبوو، هەشت وڵاتی دوور لە خۆم دوور ببومەوە...
باسكم درێژ كرد هەتا سەری بگاتە سەر سينگم،
بە دەستەكەی ديكەی پاڵێکی بە پەنجەرەوە نا هەتا ئاگری سەرمای نەبێ
نظرات
ارسال یک نظر