گەرچی بەدی
هێنانی وێنە لە لایەکەوە بەندە بە دوونیای دەرەوە و لە لایەکی ترەوەش بە کردەوەی
کەرەسەیەکی میکانیکی( کامێرا ) بەستراوە، بەڵام لە ئاکام دا لەژێر دەستەڵاتی
کەسایەتییەک بە ناوی وێنەگر دایە.
دونیای دەرەوە
و پێداویستییەکانی، تەنیا و تەنیا پێشنیازێک بۆ لە دایک بوونی وێنەن. پێشنیازێک کە
بەدیهاتنەکەی، بە کردەوە و دژدانەوەی عەقڵانی و هەستیاری وێنەگر رەنگ دەداتەوە.
راستی، بە
تەواوی پێکهاتە و سووچەکانی دیار و نادیاری، بندەستکەری خووڵقاندن و روانینی
وێنەگرە و کردەوە و پەڕچۆی کامێراش ئاکامی
بنەمای تێروانین و هەستیاری مێشک و هەستی وێنەگر، تۆمار دەکات.
نابێت لە بیر
بچێتەوە کە ئەوەی مێشک وەری دەگرێت هێندی ئەوەی دەست دەیخووڵقێنێت گرینگە. دیتن و
تێگەییشتن لەو شتەی لە دوونیای دەرەوە روو دەدات، پێوەندی بە هێزی داهێنانی وێنەگر
هەیە.
وێنەکان مانا
و چەمکی خۆیان لە چۆنیەتی جێگربوونی واژۆکان ( نشانەها ) وەردەگرن. ئەو یاسایەی واژۆناسی کە
دەڵێت: واژۆکان بەتەنیا مانایان نیە و لە دژدانەوەی یەکتر، دەبن بە خاوەنی مانا،
بۆ وێنەش هەر رەچاو دەگیرێت.
هێندێک تۆف ( شگرد ) و
یاسا هەن کە لە خوێندنەوەی ناوەرۆکی وێنە دا کەڵکیان لێوەردەگیرێت. لەو رێگایەوە
رەوتی سازبوون و چۆنیەتی خوێندنەوەی وێنە وە دەست دەکەوێت. لە راستی دا دەکرێت لە
روانگەی واژۆناسی و بەکارهێنانی تۆفی واژۆکان، چۆنیەتی پێوەندی و رەوتی مانابەخشی
واژۆکان و هەر وەتر پێکهاتەکانی بەدیهێنەری وێنە شی بکرێتەوە.
هەڤبەری تەوەر
بە تەوەر ( تقابل قطبی )
لە هێندێک
وێنە دا، پێکهاتە و ووردەکارییهایەک هەن کە مانای تایبەتی خۆیان لە هەڤبەر
پێکهاتەکانی تر وەردەگرن و وێنەگریش، ئاگادارانە و بە ئانقەست لەو تۆفە بۆ
گەیاندنی مەبەستی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
وەک هەڤبەری و گووڵ و تفەنگ، یان رەنگی رەش و سپی یان قەفەس و باڵندە و هتد...
وەک هەڤبەری و گووڵ و تفەنگ، یان رەنگی رەش و سپی یان قەفەس و باڵندە و هتد...
مانای
راشکاوانە و ئاماژەگەرانە ( معنای صریح و ضمنی )
هێندێک وێنە
خاوەنی مانای زەق و راشکاون و هێندێکیش بێجگە لەو مانا راشکاوەی لە رواڵەت دا بەدی
دەکرێت، مانایەکی گرینگتر و دەروونی یان لە ناو ناخی خۆیان دا حەشار داوە کە ئەو
بابەتە نیشاندەری ئاوزی دیداریی بەرزی وێنەگر لە کاتی گرتنی وێنە دایە و هەڵبەت بە
هەڵبژاردنی فرێیمێکی ووریایانە روو دەدات. ئەو جۆرە وێنانە زیاتر لە کات و ساتە
هەستیارەکان و دژدانەوەی سووژە سەرەکییەکان لە ئاست روداوی زەق لە وێنەکە دا
دەگیرێن.
تنراوە و سیلە ( بافت و زاویە )
بە پێی ئەو
بنەمایە، هەر ناوەرۆکێکی واژۆیی، ماناکەی بە پێی تنراوەیەک کە وێنەکەی لەسەر
ئاراستە دەکرێت دێتە سەر باس و توێژینەوە. رەنگە بەس یەک وێنە لەسەر چەندین
تنراوەی جیاواز باسی لێبکردرێت و هەر هەموو جارێکیش بە شێوەیەکی جیاواز شی
بکرێتەوە. واژۆکان بە پێی ئەو تنراوەیەی کە وێنە ئاراستە دەکات، مانای جیاواز و
جۆراوجۆر دەگرن . هەر وەتر سیلەی روانینی بینەر بۆ لێکدانەوەی جیاوازی واژۆ لە
وێنەدا پێوەندی راستەوخۆی بە تنراوەیەکە کە بینەر، هان دەدات بۆ بینینی وێنەکە.
کەوایە سەیر نیە کە شی کردنەوەی یەک وێنە بە چەن زاراوەی فکری و مانایی روو بدات.
نێوناوەرۆکان ( بینامتنیت )
دەکرێت بە هەڵس
و کەوت و پەیڤی نێوان دوو یان چەن ناورۆکی جیاواز بڵەین: ( نێوناوەرۆکان )
هێندێک وێنە
بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، ئاماژە بە هیندێک وێنە یان بەرهەم گەلی هوونەری
تر دەکەن. بەم شێوەیە پێوەندی نێوان دەقی دوو بەرهەمی هوونەری پێک دێت و ناوەرۆکی
بەرهەمێک بە واژۆ تایبەتەکانی، ئاماژە بە ناوەرۆکی وێنە یان بەرهەمێکی هوونەری تر
دەکات.
*****************************
هێندێکی تر لە
وێنەکان، چەشنی نەزم، لە چوارچێوەی زمان و رووپەڕ (شکل) و رواڵەتی ماددی، یاسا
دیدارییەکان و پێکهاتەکانیان، زیاتر دێنە بەر چاو. ئەو جۆرە وێنانە بە کەمترین
ئاماژە بە گرینگایەتی سووژە، بەس خاوەنی هیندێک بایەخی جوانی ناسانە و فۆرمی ن. پێوەندی
نێوان فۆرمەکان و رووپەڕەکان و پێکهاتەکان بە شێوەیەکی راکێشەر لە چوارچێوەیەکی
گوونجاو دا ئاراستە دەکرێن. لەو وێنانە دا نەک هەر توانایی کامێرا لە تۆمار کردنی
رووداوی حەقیقی، بەڵکوو هێزی بینین و زانایی وێنەگر و داهێنانی دیداریش بە تێکڕایی
خۆ دەنوێنن.
لە ئاکام دا
هێندێک وێنەش هەن کە وەک هێندێک یاسای شێعری، پشتئەستوورن بە تێکدانی پێوەندییە
ناسراوەکانی نێوان واژۆکان. رابەرییەکی کوتوپڕ بە سەریان دا زاڵە و وێنەگر بە
بژاردە کردنی تایبەتی پێکهاتەکان لەناو چوارچێوە یان هەڵبژاردنی کاتێکی جوانی
ناسانە، نادیاری و تاریکییەکی مانایی تایبەت بە وێنەکە دەبەخشێت.
بینینی
وێنە بە تێکرایی، بینەر حەواڵەی سێ سەربەندی جیاواز دەکات: 1- کامێرا 2- بابەت
3- وێنەگر
ئەو وێنانەی کە
سۆنگەی سەربەندیان روو لە پەرچۆکەرێکی میکانیکی
بە ناوی کامێرایە، تەنیا تۆمار کردنی رووداوێک یان راستییەک دەنوێنن یان
سۆنگەیان روو لە رووداوێکی گرینگە، مێشک و هۆشی بینەر بەرەو کردەوەی
هوونەرمەندانەی وێنەگر راناکێشن. هیچ ئاسەوارێک لە سەربەندی بینینێکی
هوونەرمەندانەی وێنەگری تێدا بەدی ناکرێت و رێگەش نادەن وەک بەرهەمێکی خاوەن
باڕستی هوونەری و جوانی ناسانە بێنە
بەرچاو.
هەر وەتر
هێندێکی تر لە وێنەکان لە تێروانینی یەکەم دا نیشاندەری گیرایی و سەرسووڕهێنەری
سووژەن. هەر وێنەیەک کە بەم شێوەیە راکێشەر بێت ناتوانێت لە ریزی بەرهەم گەلێک بێت
کە بایەخی دیدارییان هەیە و پێویست نیە وەک وێنەیەکی باش بێتە ئەژمار. چوون گیرایی
بە مانای باش بوونی وێنە نیە.
ئەو وێنانەی
کە بێجگە لە گیرایی و پەسەند بوونی بابەت، سرنجی بینەر بۆ شتێکی زیاتر وەک
کەسایەتی خووڵقێنەری وێنە رادەکێشن دەتوانن لە ئەژماری وێنە باشەکان دا بن.
jan 2015
نظرات
ارسال یک نظر