بارتەقایی رزگاری، هەر دوو دەستم دەکەمەوە سەرم بەرەو دوایە بەردەدەمەوە فێنکایی سروەیەک بە نێو پەنجەکانم دا هەڵدەفڕێ و چرا و گەڵاکانی ئەقاقیا لە خەو هەڵدەستێنێ هەتا دەستەکانم هەتەر دەکەن مەهاباد لەو جێیە نەماوە یانی مەهاباد هەر ئەقاقیایە خەڵکی ئەقاقیاش دوو نەفەرن ئەمن و ئەو سروەیەی بە نێو پەنجەکانم دا هەڵدەفری و دەچێ گەڵاکان و چراکان لە خەو هەڵدەستێنێ و دیسان بە پەنجەکانم دا دەگەڕێتەوە نێو من چەشنی سووکایی گەڵایەک بزەی لێوم نابڕێتەوە سروە بە سەر چاوم دا دەبارێ بە سەر لیوم دا دەڕژێ تێکەڵاوی سەندەڵییەکەی ئەقاقیا دەبێت و دەبێتەوە هێمای هەناسەبڕکەی پەنجەکانم هەموو ئەقاقیا شاهیدە سەر لە هەموو بەیانییەک سروە دەبێتە چرا دەبێتە گەڵا دەبێتە دڵەکووتەی رزگاری دەبێتە بارانی گەنم رووحی من لە بسکی خۆی گرێ دەدا و سنووری هەناسەکانم بە ووردە ماچان ئاوپژێن دەکات ئاخ سروە! ئاخ سروە! خۆزگە مەست بواین و پەنامان لەو شارە نەبوایە