بارتەقایی رزگاری، هەر دوو دەستم دەکەمەوە
سەرم بەرەو دوایە بەردەدەمەوە
فێنکایی سروەیەک بە نێو پەنجەکانم دا هەڵدەفڕێ و
چرا و گەڵاکانی ئەقاقیا لە خەو هەڵدەستێنێ
هەتا دەستەکانم هەتەر دەکەن مەهاباد لەو جێیە نەماوە
یانی
مەهاباد هەر ئەقاقیایە
خەڵکی ئەقاقیاش دوو نەفەرن
ئەمن و ئەو سروەیەی بە نێو پەنجەکانم دا هەڵدەفری و دەچێ گەڵاکان و چراکان لە خەو هەڵدەستێنێ و دیسان بە پەنجەکانم دا دەگەڕێتەوە نێو من
چەشنی سووکایی گەڵایەک بزەی لێوم نابڕێتەوە
سروە بە سەر چاوم دا دەبارێ
بە سەر لیوم دا دەڕژێ
تێکەڵاوی سەندەڵییەکەی ئەقاقیا دەبێت و
دەبێتەوە هێمای هەناسەبڕکەی پەنجەکانم
هەموو ئەقاقیا شاهیدە
سەر لە هەموو بەیانییەک
سروە دەبێتە چرا
دەبێتە گەڵا
دەبێتە دڵەکووتەی رزگاری
دەبێتە بارانی گەنم
رووحی من لە بسکی خۆی گرێ دەدا و
سنووری هەناسەکانم بە ووردە ماچان ئاوپژێن دەکات
ئاخ سروە!
ئاخ سروە!
خۆزگە مەست بواین و
پەنامان لەو شارە نەبوایە
نظرات
ارسال یک نظر