رد شدن به محتوای اصلی

وێنەگریی کوردی و نەخۆشی سووژە



NNS ROJ
هونەر لە ناو گەلی کورددا پێشینەیەکی هەیە کە دەگاتەوە هەزاران ساڵ لەمەو بەر. هێندی تەمەنی مێژووی ئەو گەلە، هەر هەموو دەمێک، هونەر وەک پێناسەییەکی بەرچاوی فەرهەنگی نیشاندەری چۆنیەتیی ژیانی ئەو نەتەوە پڕ هەستە بووە.
لەهەر سەردەمیک، بە پێی هەل و مەرج و بیر و بۆچوونەکانی ئەو کات، بەرهەمە هونەرییەکان -وەک ئەو چیرۆکەی لەناو تەواوی نەتەوەکان، بەردەام دووپات بۆتەوە- لە ناو گەلی کوردیشدا پێشاندەری شێوەی ژیانیان لە هەل و مەرجە جۆراوجۆرە مێژووییەکان دابوون.
لەسەدەی چواردەی زایینییەوە کە بەسەدەی ئال و گۆڕی لە تەواوی بوارەکانی ژیان لە ولاتانی رۆژئاوا پێناسە دەکرێت، هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئەو ئاڵ و گۆڕییە بە تایبەت لە خووڵقانی بەرهەمە هونەرییەکاندا بە ڕاشکاوی بەدی دەکرێت. لە سەدەی بیست بەم لاوە تا ئیمڕۆ هونەر و کولتووری ژیانی رۆژانە و بیر و بۆچوونەکان و تەنانەت فەلسەفەی ژیانی هەموو کۆمەڵگا ئینسانییەکان لە ژێر سێبەری قورسی ئاڵ و گۆری دەستکردییەکانی مرۆڤی سەردەم بووە. ئەو شوێنەوارە بە تایبەت لە هونەر و بەرهەمە هونەرییەکاندا لەو پەڕی رەنگدانەوە بووە.
ژیانی ئیمڕۆی کۆمەڵگای کورد، وەک نەتەوەیەکی جیهانی لە چوونە ژوورەوەی پێکهاتەکانی دەستکردی و جۆری پێشکەوتنە تێکنۆلۆژیکەکان بێ بەش نەبووە. بەڵام دەکرێت بگووترێت هەبوونی ئەو پێکهاتانەی ژیانی ئیمڕۆیی، حوزوورێکی بنەڕەتی و بە بناغەیەکی قورس و قایم بەدی ناکرێت، ئەوەش رەنگە بە بۆنەی ئەوەوە بێت کە کورد لە بەدی هێنانی ئەو تێکنۆلۆژییانە، بارێکی کۆمەڵایەتی نەبووە. یانی هیچ بەرهەمێکی دەستکردی و تێکنۆلۆژیایی، لە هەڕەتی بەدی هاتنەوە هەتا پێشکەوتووترین فۆرمی خۆی لە شوێنێک کە بەشێک لە وڵاتی کوردستان بێت بەدی نەهاتووە و بۆیە رەنگە سەیر نەبێت کە هەبوونی ئەو بەرهەمە لە ناو کۆمەڵ و ژیانی کورد، حوزوورێکی بە ریشە و بناغە نییە.
بە پێی ئەو راستییە، هەر ئەو پێکهاتە ئەورۆییانەی ژیانی سەردەم، نەیانتوانیوە جێگایەک لە ناو بەرهەمە هونەرییەکانی کورددا ببیننەوە. ئەدەبیات، مووسیقا، نەققاشی، تیاتر، هونەرە دەستییەکان، پەیکەرسازی، سینەما و وێنەگری، لە ناو کۆمەڵگای کورددا تەنانەت لەسەرکەوتووترین ڕەواڵەتی خۆیاندا، هەڵگری هیچ کام لە پێکهاتە بەرچاوەکانی ژیانی سەردەم نین. رەنگە هەر ئەو هۆیەی کە بۆتە پاساوی سەرەکی کە ئەو پێکهاتانە نەتوانن بناغەیەک لە ناو ژیانی کورددا بوکتن، هەر بەو پاساوەش نەیانتوانیوە بێنە ناو گۆڕەپانی هونەری کوردی.
بەڵام سینەما و وێنەگری کە هونەرێکی ئەوڕۆیی و سەردەمیانە دێنە ئەژمار و نیشاندەری هەبوون و تێکەڵاویی ژیانی کورد لەگەڵ پێکهاتە پێشکەوتووەکانی مرۆڤی سەردەم لە ناو کۆمەڵگای کورد دان، ئەوانیش هەر بێ بەهرە لە هەبوونی ئەو بەرهەمانەن کە دەبێت دەستەواژە بە ژیانێکی ئەوڕۆیی بکات. ئێستا و هەر هەموو دەمێکی رابردوو، ئەدەبیات و ئەدەبیاتی داستانی ئێمە، ژیانی کورد لە دێهاتەکاندا بەدی دەکات. هەر هەموو بەسەرهاتەکان نیشاندەری ژیانێکی لادێیین کە بە تەواوی هەموو پێکهاتەکانی ژیانی ئاوایی نشینی بەدی دەکات. ئەو “دەرد و ڕەنجە” بە ڕاشکاوی لە سینەما و وێنەگریدا، بەهێزتر خۆ دەنوێنێت. تا ڕادەیەک ئەو بابەتە بەرچاو و بەهێزە کە دەکرێ بگوترێت، بۆ سەد ساڵ یان زیاتر لە داهاتوو، ئەگەر مناڵێکی کورد بیهەوێت داستانێکی کوردی ساڵی 2000 بخوێنێتەوە یان وێنەیەکی پرۆفێشناڵی هونەرمەندێکی وێنەگری کورد لە ساڵی 2014 ببینێت، رەنگە پێی سەیر بێت کە بۆچی ئەو بەرهەمە هونەری کوردییە هیچ ئاسەوارێکی ژیانی ساڵی 2000 یان 2010ی پێوە نیە!
لەو ساڵانەی ڕابردووە تا ئێستا بە بۆنەی هاتنە ئارای وێنەگریی دیجیتاڵ، هونەری وێنەگری لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا پێشکەوتێکی بەرچاوی هەبووە و کەسانێکی زۆر وەک وێنەگر یان هۆگری وێنەگری دەستیان داوەتە کامێرای دیجیتاڵ و وێنەگری دەکەن. زۆرێکیش لە وێنەگرانی کورد لە ئاستی کێبەرکێ جیهانییەکان، سەرکەوتنی زۆر باشیان تۆمار کردووە. بەڵام بەداخەوە دەکرێ بگوترێت دەسکەوت و سەرکەوتنی تەواوی وێنەکان بەس بۆ هەبوونی کوالیتی باش لە بواری تکنیکەوە بەدی هاتوون. ئەگەر سەرکەوتنێک بە بۆنەی هێزی سووژە لە ناو بەرهەمی وێنەیی وێنەگرێکی کورد هەبێت بە داخەوە دیسان ئەو سووژەیەش ژیانی لادێ نشینی کورد بەدی دەکات. تەواوی بەرهەمەکان لە بواری سووژەناسی لە چەن ئایتێم تێناپەڕێت: پیرەژن یان پیرەمێردێک کە پاڵی وە بەردێک دابێت یان لە کەناری دەلاقەیەکی کۆن دانیشتبێت، ئاژەڵێک یان کۆمەڵێک ئاژەڵ و شوانێک، یان دیمەنی شاخ و چۆمێک و چەن دار و درەخت، چەن منداڵ بە جل و بەرگی کۆن و پیس و دڕاو، ئەو پەری چەن کیژ و کوری لادێیی یان لەوانەیە کۆمەڵێک بێری!
تەواوی سووژەکانی وێنەگرانی ئێمە لەو چەن بابەتە کە ئەژماری ئەنگوستەکانی دوو دەست تێناپەڕێت. تەنانەت ئەو دەردە لە وێنەگری شەقامیش، هەر بەو شێوازە، لە ڕەواڵتێکی نەختێک جیاوازدا ڕەنگ دەداتەوە. بە داخەوە ئەو وێنەگرییە نوێنەرایەتیی ژیانی ئەوڕۆی کۆمەڵگای کورد ناکات.
ژیانی ئیمڕۆی کورد - لە باژێرە گەورەکانی، هەتا شەقامە پڕ ئۆتۆمبێلەکان، هەتا بینا گەورەکان و دووکان و بازاڕی گەورە و ڕەنگاورەنگ و بە شیوازی ئەوڕۆی جیهان، ئیدارە و ئۆفیسە پڕ لە کارمەندەکان، هەتا ئەو شەقام و کۆڵانانەی تژین لە خەڵکێک کە بە کۆمپیوتێر و سمارتفۆن سەرقاڵن، هەتا خوێندنگا و قوتابخانەکانی کە پڕن لەو کیژ و کوڕانەی خەریکن لە سەدەی بیست و یەک بە شێوازی ئەوڕۆیی جل و بەرگ دەکەنە بەر و دنیا و باوەڕەکان و خەفەتەکانیان هەموو ئەوڕۆیین - درێژەی هەیە. 

ژیانی ئیمڕۆی کورد - لەسەر سنوورەکانەوە کە قاچاخچییەک کەواپاتۆڵی دەبەر دایە و مۆبیلێکی ئایفۆن 5ی بە دەستەوەیە و سواری ئاخر مۆدێل پیکاپ دەبێت، دەست پێدەکات و هەتا زانکۆیەک کە چەن کیژ و کور لە دەوری لەپ تۆپێک کۆبوونەتەوە و باس لە سەر بابەتێکی زانستی دەکەن، هەتا کارمەندی ئیدارەیەک کە بە ئۆتۆمبێل دەچێتەوە سەر کار، هەتا پیرێژنێک لە شەقام بە مۆبیل قسە دەکات، هەتا پاساژ و بازاڕی گەورە کە بە پلیکانی برقی چەن قات دەچێتە ناو دڵی ئاسمان، هەتا ستاتووس و سێلفی فەیسبووکی پێشمەرگەیەک لە بەرەکانی جەنگەوە، هەتا ئامادەکاری لاوێک بە پێشکەوتووترین ئامەرازەکانی وەرزشی، هەتا کایەکردنی زۆریک لە مناڵان لە باخچەی مناڵان بە کۆمپیوتێر، هەتا ... هەتا...- درێژەی هەیە.

تەواوی ئەوانە بەشێکی زۆر لە ژیانی ئەوڕۆی کۆمەڵگای کوردییە، تەواوی ئەو کەسانە کوردن و لە کوردستان ژیانی رۆژانەی خۆیان بەسەر دەبەن. تەواوی ئەو کەسانە دنیای خۆیان بە تایبەتمەندییەکانی فکری و بیر و بۆچوونی ئەوڕۆیی و فەلسەفەی ژیانی سەردەمیانە ساز دەکەن. بەڵام بەداخەوە هیچ کام لەو بەشە بەرین و بەربڵاوەی ژیانی ئەوڕۆی کورد لە هونەری کوردی سەردەمدا ڕەنگی نەداوەتەوە. لێنزی کامێرای وێنەگری کورد نەیتوانیوە قووڵایی هەر کام لەو دنیایانەی کە لەڕاستیدا لە ناو ژیانی ئیمڕۆی کورد ڕەهەندەیە، وەک وێنەیەکی “دەستەبەری زەمان” - متعهد بە زمان- بگرێت. 

ئەگەر باوەڕمان بەوەی هەبێت کە هونەرمەند وەک تاکێک لە کۆمەڵی ڕووناکبیری گەلێک دەناسرێت، پێی دەوێت کە هەبوونێکی ڕووناکتر لە تاکی ئاسایی هەبێت لە ڕەوتی گەشەکردنی باوەڕەکانی کۆمەڵگادا. ئەرکی مێژوویی هونەریش جیاواز لەو راستییە نییە. هونەرمەند چرای ڕووناککەرەوەی سووچەکانی تاریکی ژیانی کۆمەلایەتییە. باوەڕ، عەقڵانییەت، فەلسەفە و بۆچوونەکانی کۆمەڵگا لە بەرهەمی هونەریدا ڕەنگ دەداتەوە و ئەوە هونەرمەندە کە بە نەخشاندنی بیر و خەیاڵەکانی خۆی، پەیکەرەیەک لە ڕازە نەدرکاوەکانی مرۆڤی سەردەمی خۆی ساز دەکات. داخ و سەد داخ بۆ ئەو نەتەوەی، هونەرمەندانی پاش کۆمەڵگا بژین. ئەو داخە ئیمڕۆ دەستەوەیەخەی زۆرێک لە بوارەکانی هونەری کوردی بە تایبەت وێنەگرانی کوردە.
وێنەگرێک کە خۆی، بیر و خیاڵەکانی، کامێراکەی و دنیای دەروونی خۆی تەسلیمی سووژەیەک دەکات کە نە لە خووڵقاندنی، نە لە ئاڵ و گۆڕییەکانیدا، هیچ رۆڵێکی نییە.

ئەگەر قەرارە وێنەگری هونەرمەند، تەواوی دنیای دەروونی خۆی و تەواوی ئازارێک کە بۆ بەدیهاتنی کامێرایەک بینراوە، تەسلیمی دیمەنی چۆم و دەریایەک بکات کە لە خوڵقانی ئەوان بێ بەرییە، بەداخەوە دەبێت سەرەخۆشی لە سەرجەمی هونەرەکەی بکرێت. 

وێنەگری هونەرمەند دەبێت گەلێک تژیتر لەوە بێت کە “سووژە” بڕیاری بۆ بدات، “ئابژەی” وێنەگر دەبێت فەرمان بە سووژە بدات و تەواوی ئەو باوەڕانەی لە مێشکی وێنەگر دان، بە سەر باڵای سووژەدا بسەپێنێت. وێنەگر حەقی خۆیەتی کە بتوانێت سووژەی خۆی لە (بێ بڕانەوە ئیمکانی هەڵبژاردن) لە ئالۆزی و رەنگاوڕەنگیی دنیای ئیمڕۆدا بدۆزێتەوە. هیچ یاسایەک وێنەگر مەحکووم بە گرتنی وێنە بە پێوە یان بە دانیشتنەوە ناکات، لێنزی کامێرای وێنەگر دەبێت هەندێک جار لە ئاسمانەوە و هەندێک جار لە ژێر ڕووبەری هەردەوە، شیاوترین هەل لە باڵای سووژە بقۆزێتەوە و وەها فەرمان بە سووژە بدات کە باوەڕەکانی ناو مێشکی وێنەگر بەدی بهێنێت.

تەواوی ئەو پێشکەوتنانەی ئەوڕۆ لە کەرەسەکانی وێنەگریدا هەن، لە ناو جەرگ و دڵی کامێرایەکی پێشکەوتوو هەتا دەیان و سەدان جۆری فلاش و ئامەرازەکانی تیشکهاوێژی، هەتا دەیان جۆری سێ پایە و یەک پایە و فیلتێر و لێنز و هەر هەموو شتیک، هەتا سۆفتوێرە پڕئیمکاناتەکان و هەموو و هەموو ئامادەن هەتا وێنەگری لە ڕەوتی کلاسیکی خۆی دەرکەوێت و بتوانێت ئەو خەیاڵەی کە هاوکات دەکرێت ببێتە چیرۆکێک یان شێعرێک، ببێتە وێنەیەک لە دەروون و باوەڕەکانی هونەرمەندی وێنەگر، هونەرمەندێکی وێنەگر کە “خۆی و خەیاڵەکانی و کامێراکەی پێ بەرزتر و پیرۆزتر” لەوە دەزانێت کە تەسلیمی ویشکایی هەبوونی سووژە بێت.
12.2014

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

(ئاگری باران)

هەوەڵ جار کە باران کۆڵان بە کۆڵان وەدوای گریانم کەوتبوو ئەو دەمە بوو شەهلا لە پشت دەرگایەکی نیوەتاکەوە چاوەروانی شاعیرێکی سپی بوو ئەو کات هیچ نامەیەک نەنووسرابوو تا بەرەو مەلێکی ئاشکرا هەڵفڕی و منت بێتەوە یاد باران تەڕدەست و نەهێنی بێژ ئاوێزانی گریانم بۆ تەماشات راوەستابوو ئەی پایزەبەژنی پاڕانەوە ئەی شاعیری حەوشەیەک ناخ لە دڵەکوتەکانی پەری خانمدا ئەی هەموو پلیکانە داغەکانی سەر شانی باوکت، رەزا شنە بانگی هێشتم هۆ بەفرین هۆ کەژاڵی‌ترین هەلی مانەوە لە چیا و کاغەزدا تەنیا جێی مەهێڵە ئاوات و کۆڵان تا سەر بە یێکەوە ناژین بارانەیەک بۆ دوایی هاتن و یاد بارانەیەک لە چاوکاڵەکانی سابڵاغی کاتێ دەمبژاردن مچورکی گەڕانەویان پێدا دەهات تەواوی ئەو ڕووبارانە کە ڕۆژێک بە بەر دەم سوڕەیا و نازێوە تێپەڕیبوون کە بەیانییەک سووکنایی منیان دەگێڕایەوە بۆ سیوەیل و سەحەر باوکت بە تاسەی تەختەنەردێکەوە دەگەڵ من دەژیا ئەو قومارە شێعردزەی کە من لە پای دانەنیشتم ببڕای ببڕای ئەگەر ژنانی هەرزەیی هەزار بارانە نەبوایەن شەوهەنگاوێک نامەیەکی کۆترئاژۆی بۆ باوەکم دەنووسی سڵاو عوسمان ئاغا سڵاوێک لە فێنکایی دەربەدە

لێکدانەوەی کردەوەی وێنەگر و خوێندنەوەی وێنە لە روانگەی واژۆ ناسی

وەرگێراوی کورتەیەک لە وتاری تێزی دوکتورای دکتور علیرضا مهدیزادە - زانکۆی تاران گەرچی بەدی هێنانی وێنە لە لایەکەوە بەندە بە دوونیای دەرەوە و لە لایەکی ترەوەش بە کردەوەی کەرەسەیەکی میکانیکی( کامێرا ) بەستراوە، بەڵام لە ئاکام دا لەژێر دەستەڵاتی کەسایەتییەک بە ناوی وێنەگر دایە. دونیای دەرەوە و پێداویستییەکانی، تەنیا و تەنیا پێشنیازێک بۆ لە دایک بوونی وێنەن. پێشنیازێک کە بەدیهاتنەکەی، بە کردەوە و دژدانەوەی عەقڵانی و هەستیاری وێنەگر رەنگ دەداتەوە. راستی، بە تەواوی پێکهاتە و سووچەکانی دیار و نادیاری، بندەستکەری خووڵقاندن و روانینی وێنەگرە و  کردەوە و پەڕچۆی کامێراش ئاکامی بنەمای تێروانین و هەستیاری مێشک و هەستی وێنەگر، تۆمار دەکات. نابێت لە بیر بچێتەوە کە ئەوەی مێشک وەری دەگرێت هێندی ئەوەی دەست دەیخووڵقێنێت گرینگە. دیتن و تێگەییشتن لەو شتەی لە دوونیای دەرەوە روو دەدات، پێوەندی بە هێزی داهێنانی وێنەگر هەیە. وێنەکان مانا و چەمکی خۆیان لە چۆنیەتی جێگربوونی واژۆکان ( نشانەها ) وەردەگرن. ئەو یاسایەی واژۆناسی کە دەڵێت: واژۆکان بەتەنیا مانایان نیە و لە دژدانەوەی یەکتر، دەبن بە خاوەن

ای آفتاب آهسته نه پا در حریم یار من

یارم به یک لا پیرهن خوابیده زیر نسترن ترسم که بوی نسترن مست است و هوشیارش ﻛﻨﺪ پیراهنی از برگ گل از بهر یارم دوختم از بس لطیف است آن بدن ترسم که آزارش کند ای آفتاب آهسته نه پا در حریم یار من ترسم صدای پای تو خواب است و بیدارش کند پروانه امشب پر نزن اندر حریم یار من ترسم صدای شه پرت قدری دل آزارش کند فریدون مشیری